کۆبانی و شەرع لە دیمەشق کۆ بوونەوە/ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا
مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە دیمەشق کۆ بوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا، جەختیش کراوەتەوە کە "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیێکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
مەزڵووم کۆبانی:
ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەدوای کۆبوونەوە و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پەیامێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە پابەندین بە دروست کردنی داهاتوویێکی باشتر کە مافەکانی هەموو سووریاییەکان دەستەبەر بکات، ئاواتەکانیان لە ئاشتی دا بهێنێتەدی". دەشڵێت: "ئەم ڕێککەوتنە بە دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەزانین بۆ بنیاتنانی سووریایێکی نوێ."
ئەمریکا داوا لە عێراق دەکا کێشەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات
مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و داوای کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییەکان کە لە بەردەم گرێبەستی نەوتی ماوەتەوە و پێدانی پاشەکەوتی قەرزاری کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی، هەروەها داوای کرد حکوومەتی عێراق ڕێکخەرێکی وەبەرهێنان بهێڵێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراقدا بکەن.
نظر شما